مەرجەكانی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگاكان


وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەرجەكانی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگاكان ئاشكرادەكات و بەپێی رێنماییەكە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە هەندێك لە بەشە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆو پەیمانگاكان خوێندكار بەبێ‌ گەڕانەوەی بۆ ناوەندی وەرگرتن، لە زانكۆو پەیمانگاكان وەردەگرن.

بەپێی نوسراوی ژمارە (11043) وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە لە رێكەوتنی 20ی تەموزی 2016 دەرچووەو وێنەیەكی دەست دواڕۆژ كەوتووە، تێدا مەرجەكانی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگا حكومییەكانی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ ئاشكراكراوە.
لەو نووسراوەكەدا، پلانی وەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی لەلایەن زانكۆو پەیمانگاكانەوە جێبەجێدەكرێت، بەڵام كۆمەڵەی پزیشكی و ئەندازیاريی و بەش و فاكەڵتی یاسا لەسەرجەم زانكۆكانی هەرێم ناگرێتەوە،ئەمە جگە لە تەرخانكردنی 20% بۆ خوێندنی پارالێل لە زانكۆكان.
بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجەكانی پێشكەشكردن و پێشبڕكێ لە چەند خاڵێك دیاركراوە بەمشێوەی خوارەوە:
1.كەمترین نمرەی پێشبڕكێ وانەی پسپۆڕی لەلایەن بەشی زانستی دیاریدەكرێت بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندی.
2.دەرچوانی ئامادەیی بە هەردوو بەشی  وێژەیی و زانستی بۆ ساڵی خوێندنی (2015- 2016) دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ وەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی لە هەردوو خولی یەكەم و دووەم بە مەرجێك كۆنمرەیان لە 60% كەمتر نەبێ و تەمەنیشی لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت.
3.دەرچوانی ساڵی (2014- 2015) لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن، ئەگەر لە پێشووتر لە هیچ زانكۆو پەیمانگایەكی حكومی و تایبەت وەرنەگیرابن و كۆنمرەشیان لە 60% كەمتر نەبێ و تەمەنیشیان لە 30 ساڵ زیاتر نەبێ.
4.دەرچوانی ئامادەییە پیشەییەكانیش دەتوانن بچنە ناو پێشبڕكێی وەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی بۆ ئەو بەشانەی كە مافیان هەیە، بەپێی رێنمایەكانی هاتوو لە رێبەری قوتابیانی دەرچوانی ئامادەیی پیشەیی ئەمساڵ، بەمەرجێ كۆنمرەیان لە 60% كەمتر نەبێت و لە 30ساڵیش گەورەتر نەبن.
5.بەمەبەستی هاندانی داواكاری خوێندنی راستەوخۆی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ دەرچووانی ئامادەییەكانی وڵاتانی دەروبەروی هەرێمی كوردستان و بیانی و نێودەوڵەتی دەكرێ رێژەیەك لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دیاریی بكرێت، بۆ وەرگرتینیان بە سیستەمی پارالێل لەگەڵ چاوپۆشیكردن لە هەندێ مەرج وەك تەمەن و ساڵی دەرچوون.
6.جگە لەوانەی دەرچووی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و پیشەین بۆ  ساڵەكانی (2014- 2015) یاخود (2015- 2016) تەمەنیشیان لە 30 ساڵ زیاتر نییە كۆنمرەكانیان لە 60% زیاترە، دەرچوانی ساڵانی پێشووی ئامادەییەكانی هەرێم و عێراق بەپێی رێنماییەكانی خوێندنی پارالێل لە نمرەو تەمەن  وەردەگیرێن بە چاوپۆشیكردن لە ساڵی دەرچوون.
هەر لەو نووسراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژە بەوەكراوە كە خوێندكار مافی ئەوەی هەیە پێشكەشكردنی بۆ یەك زانكۆو یەك بەش چڕبكاتەوە و لەلایەن زانكۆ تەنیا بۆ یەك بەشی شایستەبوون كاندید دەكرێت.
هەروەها لە بەشێكی تری نووسراوەكەدا، روونكراوەتەوە كە پێشكەشكردنی راستەوخۆ تەنیا لە تۆماری كۆلیژو فاكەڵتی دەبێت، هاوكات فۆڕمێك لەلایەن ناوەندی وەرگرتن ئامادە دەكرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان بە سوودوەگرتن لە زانكۆلاین.
لە بەشێكی تری رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژە بە پلانی زانكۆكان و كاتی چاوپێكەوتنی خوێندكاران دیاریكراوە، بەمشێوەیە:
1.زانكۆكان كاردەكەن بۆ ئامادەكردنی پلانی خۆیان بەم سیستەمە و دواین كات رۆژی 21ی تەممووزی 2016 دەبێت.
2.پێشكەشكردن لە 24ی تەممووزی 2016 تاكو 24ی ئابی 2016 راستەوخۆ لە تۆماری كۆلیژو فاكەڵتی پەیمانگاكان دەبێت.
3.لیژنەی زانستی بەش هەڵدەسێتێت بە ئەنجامی تاقیكردنەوەو چاوپێكەوتن بە شێوەیەكی عەدالەت.
4.چاوپێكەوتن و تاقیكردنەوە 28/8/ تاكو 1/9/2016 بەشێوازی (نووسین، زارەكی) لەلایەن لیژنەی زانستی بەشەوە ئەنجام دەدرێت لەلایەن لیژنەی زانستی كۆلیژ، فاكەڵتی سەرپەرشتی دەكرێت و باشتر وایە ئەندامێكی پسپۆڕی لیژنەكە یان زیاتر لە دەرەوەی زانكۆكە بێت و سوود لە ئەزموونی ئەو بەشە زانستیانە وەربگیرێت كە پێشتر سیستەمەكەیان پەیڕەو كردووە وەكو (پەروەردەی وەرزشی) كە رێژەی 40% بۆ پێشبڕكێ‌ لەسەر تاقیكردنەوەكە دەبێت و رێژەی 60% لەسەر تێكڕای نمرەی ئامادەیی دەبێت و چاوپێكەوتن تەنیا بۆ شیاوی قوتابی دەبێت و هیچ خاڵی تر بۆ تەرخان ناكرێت.
5.بۆ ئەو پسپۆڕیانەی كە لێهاتوویی كارامەیی و زانستی و هونەری و تەكنیكی پێویستی بە دیكۆمێنتی فەرمی هەیە رێژەی 10% نمرەكانی تاقیكردنەوەكە لەسەر ئەو لێهاتووی یە دادەنرێت بەپێی گرنگی دیكۆمێنتەكە.
لەبارەی راگەیاندن و وەرگرتنی زانكۆلاین، نووسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكاتەوە:
1.ناوەكان بە شێوازی بەرایی لە 18/9/2016 لەلایەن زانكۆوە رادەگەیەندرێت.
2.ماوەی هەفتەیەك لە 18/9/2016 تاكو 25/9/2016 بۆ گازاندەی خوێندكاران تەرخاندەكرێت.
3.لیژنەی گازاندە لەلایەن خەڵكی شارەزا لە ئەزموونەكان پێش وەخت لەلایەن كۆلیژ/ فاكەڵتی پێكدەهێندرێت و لەماوەی هەفتەیەك پێداچوونەوەو وربینی بۆ گازاندەكان دەكات.
هەرچی پەیوەندی بە گواستنەوە دابەزاندن هەیە لە نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ئاماژە بە چەند مەرج و رێنمایەك كراوە، لەوانە:
1.دابەزین لە بەشێك یاخود لە كۆلیژێك بۆ كۆلیژێك بەپێی رێنماییەكانی دابەزین دەبێت، بەڵام بەشە ناوخۆی بۆ دابیناكرێت و دەبێت لە تاقیكردنەوەش دەرچووبێت.
2.دابەزین لە زانكۆیەك بۆ زانكۆیەك لە بەشێك بۆ بەشێكی تری هاوشێوە رەچاوی كەمترین كۆنمرە بە پێی سیستەمی زانكۆلاین دەكرێت.
3.دابەزین لە بەشەكانی پەیمانگاكان كە بەوەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی قوتابی وەردەگرن بۆ هەمان بەشی پەیمانگا كە بە زانكۆلاین وەردەگیرێن رەچاوی سنووری جوگرافی دەكرێت.
4.قوتابی دەتوانێ‌ زیاتر لە بژاردەیەكی هەبێ بۆ هەمان ئەو بەشەی تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجامدەدات لە زانكۆیەكی تری هەرێم، ئەگەریش لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی بێت بەشی ناوخۆی بۆ دابینناكرێت.
لە كۆتایی نوسراوەكەدا هاتووە رێنماییەكانی خوێندنی راستەوخۆی زانكۆی تەنیای بۆ ئەمساڵ كاریپێدەكرێت.





سەرچاوە : دوارۆژ



بڵاویبکەررەوە لە

هەواڵی پەیوەندیدار

هەواڵی داهاتوو
« Prev Post
هەواڵی پێشوو
Next Post »